group-telegram.com/pajinbane/6700
Last Update:
((بۆ ڕوحی پیرۆزی شاخەوانانی پاژینی شاری بانە))
ڕنووی کوێستانەکان دیسان لەگەڵ کورد نالەباری کرد
بە گیانی لاوی کوردانم دوبارە هات و یاری کرد
تەمی غەم نیشتە ڕوخساری شەقامی شاری بانەی کورد
فەلەک دیسان چ غەدرێک بوو لە خاکی کوردەواری کرد؟
لە چاوی ئاڕبەبا خوێن بۆ شەهیدی شاخەوان دەتکێ
لەگەڵ دایکی شەهیدانم ئەویش گریان و زاری کرد
دەمێک بوو تاکە هاوڕێی کورد کەژ و کێو و چیاکان بوون
چ بوو دیسان کەژ و کێویش لەگەڵ کوردان نەیاری کرد؟
بەهاریشم بە خوێنی لاوەکان سوورە دەمێک ساڵە
کەشی دڵمم بە فرمێسک و بە خوێنی سوور بەهاری کرد
برینی شاخ لە دڵدا هێند بە ژان و ئێشە بۆ کوردان
غەمێکی قورس و نەبڕاوەی لە نێو کۆڵانی شاری کرد
لە پرسەی شۆڕەلاوانی وڵاتم نایە ڕزگاریم
لەگەڵ گریان و غەم جووتم ئەوەندم تازیەداری کرد
لە چاوی خامە خوێن دەتکێ لە پرسەی شاخەوانانم
شەو و ڕۆژ شێعری من شینی گەلی کوردی هەژاری کرد
دەبێ تاکەی بە شێعری "کاوە" بگرین دایک و خوشکی کورد؟
بڵێی نەمرم بڵێن مۆتەی غەم و دەرد لێرە باری کرد؟
کاوەداشبەندی
@pajinbane
BY پێگەی فەرمی پاژین

Share with your friend now:
group-telegram.com/pajinbane/6700